لە چیاى شەنگال نەخۆشخانەیەکى ددان کرایەوە

لە چیاى شەنگال نەخۆشخانەیەکى ددان کرایەوە

لە چیاى شەنگال نەخۆشخانەیەکى ددان کرایەوە
کۆمیتەى تەندروستیى چیاى شەنگال نەخۆشخانەیەکى ددانى بە ناوى نەخۆشخانەى "شەهید ئێزدین براهیم" کردەوە و بە خۆڕایش هاووڵاتیان چارەسەر دەکات.
ئاژانسى هەواڵى فورات ئەمڕۆ ٣ى حوزەیرانى ٢٠١٦ بڵاویکردەوە، کۆمیتەى تەندروستیى چیاى شەنگال بە بۆنەوەى کردنەوەى نەخۆشخانەى ددانەوە بە هەماهەنگى لەگەڵ نەخۆشخانەى گشتیى "شەهید زنار" لە چیاى شەنگال ئاهەنگێکیان بەڕێوەبرد، کە ژمارەیەک پزیشک و کەسایەتى و هاووڵاتیى ئێزیدى تیایدا بەشداربوون.
دکتۆر مەدیا ئەڵمان لە کاتى کردنەوەى نەخۆشخانەى ددان لە چیاى شەنگال ڕایگەیاندووە "گرنگە ئێزیدییەکان کار بۆ ژیانێکى بە شکۆ و باشتر و خەڵکى هەژار بکەن".
هەروەها دایە لەیلا بە ناوى ئەنجوومەنى ژنانى ئێزیدییەوە داواى لە کۆمەڵگەى ئێزیدى کردووە خاوەنداریەتى لەو خۆشخانەیە بکەن.
لە دواى قسەکانى دکتۆر مەدیا ئەڵمان و دایە لەیلا، نەخۆشخانەى "شەهید ئێزدین براهیم" بۆ ددان بە ئاهەنگێک و نواندنى شانۆیەک کراوەتەوە و تیپى هونەریى چیاى شەنگال و تیپى گوڵەکانى نیسان چەند گۆرانییەکیان پێشکەشکردووە.
نەخۆشخانەى گشتیى "شەهید زنار" و نەخۆشخانەى ددانی "شەهید ئێزیدن براهیم" لە چیاى شەنگال جگە لە ڕۆژانى چوارشەممە هەموو ڕۆژێک لە کاتژمێر هەشتى بەیانییەوە تاوەکو کاتژمێر پێنج و ٣٠ خولەکى ئێوارە کراوە دەبن و بە خۆڕایش چارەسەر بۆ نەخۆشەکان دەکەن.
شەهید ئێزیدن براهیم ناوى یەکێک لە فەرماندەکانى یەکینەکانى بەرخودانى شەنگال (یەبەشە)یە، کە ڕۆژى ٢٠ى ئابی ٢٠١٥ لەگوندى سولاخێ لە جەنگى دژ بە چەکدارانى داعشدا شەهید بووە.
دوێنێش ٢ى حوزەیرانى ٢٠١٦ لە چیاى شەنگال ئاهەنگى دەرچوونى ٤٢٠ خوێندکارى کچ و کوڕی ئێزیدى لە چیاى شەنگال بەڕێوەچووبوو.
٧٣هەمین فەرمانى دژ بە ئێزیدییەکان
شەنگال دەکەوێتە پارێزگاى نەینەوا و ١٤٠ كیلۆمەتر لە شاری موسڵەوە دوورە و هەڵکەوتەکەشى لە نێوان سنووری پارێزگاى حەسەکەی ڕۆژئاواى کوردستان و بەشى باکوورى ڕۆژئاوای پارێزگاى نەینەوایە لە باشوورى کوردستان.
چەکدارانی داعش لە ١٠ى حوزەیرانى ساڵى ٢٠١٤ شارى موسڵیان کۆنترۆڵکرد. دوابەدواى کۆنترۆڵ کردنى موسڵ لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ دا هێرشیان کردە سەر شەنگال. لە هێرشى چەکدارەکانى داعش بۆ سەر شەنگال ئەو چەکدارانە زیاتر لە پێنج هەزار هاووڵاتیى ئێزیدییان کۆمەڵکوژ کرد و زیاتریش لە پێنج هەزار هاووڵاتیى ئێزیدییان فڕاند، کە زۆربەیان ژن و منداڵن.
چەکدارەکانى داعش توندوتیژیى زۆریان بەرامبەر بە هاووڵاتییە فڕێندراوە ئێزدییەکان ئەنجامداوە و لە بازاڕەکاندا بازرگانییان پێوەکردوون و وەک سەبایا و غەنیمە مامەڵەیان لەگەڵ کردوون.
پەلامارى چەکدارەکانى داعش بۆ سەر شەنگال بووە هۆى ئاوارەبوونى زیاتر لە ٤٠٠ هەزار ئێزیدی. ئێزیدییەکان پەنایان بردە چیاى شەنگال و لەلایەن شەڕڤانانى یەپەگە و یەبەشەوە سێ ڕێڕەوى ئارام بۆ گواستنەوەى هاووڵاتییانى ئێزیدى بەرەو ڕۆژئاواى کوردستان کرایەوە و زیاتر لە ١٣٠ هەزار هاووڵاتییان گواستەوە بۆ ناوچە ئارامەکانى ڕۆژئاواى کوردستان.
ئێزیدییەکان ئەو هێرشەى چەکدارەکانى داعش بە ٧٣هەمین فەرمان لە دژى خۆیان دەزانن، کە بەپێى مێژووى ئێزدییەکان فەرمان بەماناى فەرمانە بۆ کۆمەڵکوژکردن و کوشتارى ئێزیدییەکان، چونکە پێشتر و لە قۆناغە مێژوییە جیاوازەکاندا ٧٢ جار هێرشى گەورە کراوەتە سەر ئێزیدییەکان و ژمارەیەکى زۆریان لێ کوژراوە.
بەشێکى زۆر لەو هاووڵاتییە ئاوارە ئێزدییانە لە دواى حەوانەوەیان لە ڕۆژئاواى کوردستانەوە گەڕانەوە بۆ باشوورى کوردستان. هێزى هاوپەیمانان لە چوارچێوەى هاوکاریى مرۆیدا و لە ڕێگەى فڕۆکە و کۆپتەرەوە لە ئاسمانەوە خواردەمەنییان گەیاندە ئاوارە ئێزدییەکانى چیاى شەنگال.
هێزەکانى یەگەپە و یەبەشە پێکەوە بەرەنگاریى چەکدارەکانى داعشیان کرد تاوەکو ڕۆژى ١٨ ی شوباتی ٢٠١٥ هێزەکانی پێشمەرگە و یەپەگە بە هەمانگى کۆنترۆڵی زۆربەى ناوچەکانی سەر بە شەنگالیان کرد.
ئۆپراسیۆنى کۆنترۆڵکردنەوەى شەنگال بە هاوبەشى هێزى پێشمەرگەى کوردستان، هێزەکانى هەپەگە و یەبەشە لە کاتژمێر حەوتى سەرلە بەیانى ڕۆژى ١٢ى تشرینى دووەمى ٢٠١٥دەستیپکرد و لە نیوەڕۆى ڕۆژى ١٣ى تشرینى دووەمى ٢٠١٥ لە دواى ساڵێک و سێ مانگ و نۆ ڕۆژ ئەو قەزایە لە دەستى چەکدارەکانى داعش دەرهێنرا و کەوتەوە ژێر کۆنترۆڵى هێزە کوردییەکان.


بڵاوی بکەوە لە گۆگڵ پڵەس

عن Hedi

    تعليقات بلوجر
    تعليقات فيسبوك