تیۆریی ئڤلوشن (پەرەسەندن)ى داروین، ڕاستە یان هەڵە؟

---------------------------------------------------------------------------------
لەو ساڵەوە، واتە ساڵی١٨٥٩، کە چاڕڵز داروین کتێبەکەى بە ناوى بنەڕەتی جۆرەکان (THE ORIGIN OF SPECIES) بڵاوکردەوە، زانایانی زانستی سروشتی لەلایەکەوە و هەندێ زانا و پیاوانى ئایینى، کەوتنە دوو سەنگەرى دژ بەیەکەوە. زانایانی زانستی بایۆلۆجی وا وەریانگرت کە بۆ یەکەمجار توانرا بەشێوەیەکى زانستى زیندەوەران پۆلێن بکرێن و لە سەرەتا و دەسپێکى ژیان لەسەر زەوى تێبگەین. پێش ئەم تیۆرییە، ژیان وەک گەڕەلاوژەیەکى ئاڵۆز، کە شیاوی پۆلێن کردن نەبوو، دەهاتە بەر چاو. لە بەرامبەردا، پیاوانی ئایینی بە سوکایەتى بە مرۆڤ و ئافەرێنەر لەقەڵەمیان دەدا.
پەیمانگەی دیسکاڤەری(DISCOVERY INSTITUTE) لە ئەمریکا، هەوڵێکى زۆرى دا کە بابەتى خەڵق شانبەشانى داروینیزم لە پۆلەکانى قوتابخانە بخوێندرێت. پرسەکە گەیشتە دادگە. دادگە دژى هەوڵەکەیان بڕیارى دا، لەسەر ئەو بنچینەیەى کە زانست لەسەر ئەوە بینا ناکرێت کە تا چەند خەڵک پەسەندیەتى، بەڵکو لەسەر بەڵگە بینا دەکرێت.

لە ساڵى ٢٠٠١ دا، ئیمزاى ٦٠٠ زانا کۆکرایەوە دژ بە تیورییەکەى داروین. کە بە وردى تەماشا کرا، بینرا کە خاوەنى ئیمزاکان سەرلەبەرى تیۆرییەکەیان ڕەت نەکردوەتەوە، بەڵکو سەرنجیان لە سەر یەکێ لە بنەماکانى هەیە. ئەویش دروستبونى ئاڵۆزیى ژیانە(COMPLEXITY OF LIFE). 
لە بەرامبەر ئیمزا کۆکردنەوەى دیسکەڤەرى، دەزگاى پشتیوانیى زانستیى دارونیزم(SCIENTIFIC SUPPORT OF DARWINISM )، لە ماوەى چوار ڕۆژ دا، زیاد لە ٧٠٠٠ ئیمزایان کۆکردەوە، ١٢٩٠ لەوانە زانا و پسپۆڕى خودى بوارەکە بوون و پشتیوانیان لە داروینیزم کرد.
١٥٧ ساڵە ڕەنگە هیچ تێزێکى تر لە دنیادا هێندەى ئڤلوشن(پەرەسەندن) باسی لێوە نەکرابێت. چی لە بەرژەوەندى و چی لە دژى نەنوسرابێت. لەڕێگەى بەڵگەى زانستى و مۆڕاڵەوە، هەر بەرەیە هەوڵى داوە پارسەنگى خۆى بەهێز بکات.
ئەم نووسینە هەوڵێکە بۆ خستنە ڕووى هەردوو لایەنى ئڤلوشن (داکۆک و دژ).


تیۆریی پەرەسەندن( ئڤلوشن) چییە؟
ئڤلوشن(پەرەسەندن)، کە بە عەرەبى پێى دەڵێن (الارتقا) پێى وایە: هەمو زیندەوەرانى سەر زەوى (واتە ژیان)، لە یەک فۆڕمى سادەوە (کە بەکتریایە)، نزیکەى ٣،٥ ملیار ساڵ بەر لە ئێستا دەستى پێکردوە و پەرەى سەندووە. داروین پێى وایە ژیان بە پڕۆسەیەک بوژاوەتەوە، بەرەو ئاڵۆزى پەرەى سەندووە، کە پێى دەڵێت هەڵبژاردنى سروشتى(NATURAL SELECTION )، ئەمە بووە بە بنچینە و بڕبڕەى پشتى تیۆرییەکە.



بنەماکانى ئڤلوشن چوارن
١. لە ناو خودى هەر جۆر (SPECIES ) یکى زیندەوەردا، جیاوازى هەیە. بۆ نمونە: سەگ یەک جۆرە، بەڵام پۆلى جۆراجۆر و جیاواز لە خۆ دەگرێت.
٢. ئەم جیاوازییە لە ناو یەک جۆردا دەبیتە هۆى دروستبوونى جین( GEN)ى جیاواز لە ناو خودى جۆرەکەدا.
٣. لەمەوداى ئەم جیاوازییانەدا، ئەو تاکانە دەمێننەوە کە شیاوترین خەسڵەتى گونجاو بۆ ژینگەى ئەو کاتەیان تێدایە. ئەوانن کە چانسى زاوزێ و گواستنەوەى جینەکانیان زیاترە. بۆیە دەڵێت، مانەوە بۆ شیاوترین لە ڕێگەى دیاردەى هەڵبژاردنى سروشتى.
٤. بەم شێوەیە، ئەو تاکانە بەردەوام نەوە و نەتیجە دەخەنەوە، کە هەڵگرى شیاوترین جینن. هەڵگرانى جینى نەشیاو بە دەوروبەر، چانسى مانەوە و نەوەخستنەوەیان کەمترە. چانسى لەناوچونیان زیاترە. لە ئاکامدا توخمیان نامێنێت.
ئەم چوار خاڵە، یەک پڕۆسەیە. هێواش هێواش، بە درێژایى هەزاران نەوە و نەتیجە، شوێنکارى ئڤلوشن دەبینرێت.



خاڵەکانى دژ بە ئڤلوشن
ڕەخنەکان لە دوو قۆڵەوەن. یەکەمیان لە ڕێگەى زانستەوە، دووەمیان ویژدانى ئایینى. دامەزراوەى توێژینەوەى خەلق(INSTITUTE OF CREATION RESEARCH)ى ئەمریکى(٣) لەم بوارەدا یەکێکە لە چالاکترین دامەزراوەکان. د. هینرى مۆڕیس(HENRY MORRIS )(٤)لە دامەزراوەى ناوبراو، گرنگترین خاڵەکانى دژ بەم جۆرە ڕیز دەکات:
١. ئڤلوشن نە لە ڕابردوو ڕووى داوە، نە ئیستاش ڕوودەدات. ڕاستە جۆرى جیاوازی زیندەوەر هەن، بەڵام هەرگیز بە درێژیى ژیان، جۆرێکى گیاندار (SPECIES) نەگۆڕاوە بۆ جۆرێکى تر. سەگى جۆراو جۆر هەن، پشیلەى جۆراوجۆریش هەن. بەڵام ڕۆژێک نەماندى تێکەڵ بن و جۆرێکى نوێى گیاندار درووست بکەن، تا ناوى بنێین (سەشیلە)(٧).
٢. ئڤلوشن دەڵێت، ژیان لە DNAەوە سەرى هەڵداوە و ئەویش لەپێشدا لە شۆرباویەکی کیمیاویى نازیندووەوە هاتووە و لە ئەنجامى پلەى گەرما و شێى گونجاو، ژیانى کراوە بەبەردا. هیچ بەڵگەیەک بۆ ڕاستیى ئەم ڕووداوە لەبەردەستدا نییە.
٣. ئڤلوشن دەڵێت، مەیمون %٩٠ ى جینەکانى وەک هى مرۆڤە. خۆ ئەگەر واش بێت، ئەوا ئەو %١٠ جیاوازە، زیاتر و کاریگەرترە لە لێکچوونەکان سروشت لە توانایدا نییە مەیمون بکات بە مرۆڤ. 
٤. تەنها بەوەى کە ناو نراوە (تیۆری) نیشانەى ئەوەیە کە لەسەر (گریمانە) بەندە، نەک هەقیقەت. بۆى هەیە هەڵە دەرچێت. لەبەر ئەوە، ئڤلوشن زانست نییە بەڵکو ئایینەو داروین بە ناوى تیۆریى زانستییەوە هەڵیبەستووە بۆ دژایەتی کردنى ئایین. 



بەڵگەکان بۆ داکۆکى لە ئڤلوشن
ئڤلوشن تیۆرێکى زانستییە. زانستیش پشت بە بەڵگە (Evidence) دەبەستێت. لەبەرئەوە، بەڵگە بەرجەستەو سەلمێنراوەکان دەهێننەوە بۆ داکۆکیکردن لە تیۆرییەکە.
 ١. شوێنەوارناسى (ARCHIOLOGY): بەڵگە هەیە کە زەوى چوار ملیار ساڵ و نیو پێش ئێستا دروست بووە . بەڵگە هەیە کە ژیان دواى ١ ملیار ساڵ دەستى پێکردوە. لەو کاتەوە، قۆناغ بە قۆناغ، زیندەوەران دواى مردنیان، هەندێکیان کە لە زەمینەى گونجاوبوون، لەشێوەى بەبەردبوو (FOCIL) بەجێ ماون. (بەبەردبوو بریتیە لە بەبەردبونى جەستەى گیانلەبەر دواى مردن). ئەو بەبەردبووانە دەکرێت بەرێگەى زانستى، کە پێی دەڵێن (CARBON DATING)، تەمەنیان زۆر بە وردى دەستنیشان بکرێت. لەسەرانسەرى گۆى زەوى ئەم بەبەردبووانە بەربڵاون. لە ناو بەردى چینەکانى ژێر زەوى پارێزراون و بەرچاو دەکەون. من خۆم، لە ناوبەردەکانى ناوچەکانى کلکەسماقى کۆیە، شاخى گۆیژەى سلێمانى و سەرکەپکانى ڕانییە دۆزیومەتەوە . بەبەردبووی هەر جۆرێک (SPECIESE) لەگیانلەبەر، کە لە کۆنەوە بۆ تازە ڕیزدەکرێن، لە ڕووى بایۆلۆژیەوە لە سادەوە دەڕۆن بەرەو ئاڵۆزتر. دەگاتە سەردەمانێک لەمێژوى زەوى، کەئەوجۆرە گیانلەبەرە لەهیچ شوێنێکى جیهان بە بەردبووی نەدۆزراوەتەوە، واتا نەبووە. بۆنمونە، لەسەرەتاى دروست بوونى ژیانەوە، بەر لە سێ ملیار ساڵ و نیو تا ٤٠٠ ملیۆن ساڵ پێش ئێستا، هیچ بەبەردبوویەکی زیندەوەرى سەر وشکانى نەدۆزراوەتەوە، واتە ژیان لەسەر وشکانى بوونى نەبووە و ئەوەى هەیە، هى گیاندارانى ناو ئاوە. ئەو کەللە سەرانەى مرۆڤ کە دۆزراونەتەوە هەتا کۆنتر بن، زۆرتر لەشێوەى کەلەسەرى مەیمون نزیک دەبنەوە. ئەمە نیشان دەدات کە گیانلەبەران بەدرێژیی کات لەسادە پێکهاتەوە بەرەو ئاڵۆزە پێکهاتە هەنگاویان ناوە.



٢. گیانداران، لەگەڵ ئەوگیانەوەرانەى جۆرى خۆیان کە پێشتر ژیاون، لێکچوونیان هەیە. ئەم بەڵگەیە باسى ئەوە دەکات کەهەرچەندە بەدرێژیی کات گیانداران خەسڵەتیان دەگورێت(وەک لەبنەماکانى تیۆریی ئڤلوشن پێشتر باسمان کرد)، لێکچوونى بنەرەتی دەهیڵنەوە. ئەمە خەسڵتى جۆرەکەیان (SPECIESE)ە. بۆنمونە، مێرو (حەشرات) هەرچەندە سەدان هەزار پۆلى هەیە، بەڵام وەک یەک جۆر (SPECIESE)، هەموویان خەسڵەتە بنەرەتییەکانیان وەک یەکە. بۆ نمونە (شەش قاچیان هەیە) ژمارەیەک خەسڵەتى ترى ئەندامەکانى لەشیان وەکو یەکە. ئەمە بووە بە مایەى ئەوەى کە هەر جۆرێک لەو زیندەوەرانە کە لە ناو خۆیاندا زاوزێ دەکەن، جینە باشە گونجاوەکان زاڵ دەبن و نەگونجاوەکانیش بە شێوازێکى سروشتى دەبڕێنەوە. 
٣. هەندێ لەجۆرەکان، ئەندام یا بەشى ئەوتۆ لە جەستەیاندا ماوە، کە ئێستا بۆ ژیانیان پێویست نییە، یان ئیشەکەى گۆڕاوە، بەڵام هێشتا ماوە. ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ کاتى چەندین جیلى پێش خۆیان. کە ئەوکاتە، ئەم ئەندام، یا ئەو پارچەى لەشە، ئەرکێکى ئەنجام داوە. بۆ نمونە، نەهەنگ (کە تاکە شیردەرە لە ئاودا دەژى) لەپەڕەکانى تەنیشتیدا، کە وەک سەوڵ مەلەى پێدەکات، وەک شیردەرى وشکانى، ئێسقانى دەست و پەنجەی هەیە. لەئیستادا لەئاودا ئیشى پێیی نییە. بەڵام زانایان پێیان وایە، ئەم شیردەرە، لەزەوییەوە (بەهەرهۆکارێک بێت) جارێکى تر گەڕاوەتەوە بۆ ژیانى ناو ئاو و خەسڵەتە جینییە وشکاییەکەى هێشتا تێدا ماوە. نمونەیەکى تر، کە زاناکان دەیهێننەوە، دوا بڕبڕەى پشتى مرۆڤە، کە هى ئەوگیاندارانەیە کە کلکیان هەیە، وەک بەڵگەیەک کە مرۆڤ لە مەیمونەوە گەشەى کردوە.



ڕەتکردنەوەی تیۆری و ئڤلوشن وەک دوو بیرۆکە
 دژە ئڤلوشن، سەرنجیان لەسەر دوو وشە هەیە. کە بە زمانى ئینگلیزى بەکاردەهێنرێ، هەریەکەیان تەعبیر لە کڕۆکى بیرۆکەکە دەکات. ئەوانیش، یەکەمیان وشەى (تیۆری – THEORY)، ئەوەى تریان، وشەى(ئڤلوشن EVOLUTION) .



ڕەخنە لە بیرۆکەى تیۆری(THEORY)
 دژە ئڤلوشن دەڵێن، مادام ئەمە تیۆرییەو تیۆرییش لەسەر گریمانە بینا کراوە، بۆى هەیە ڕاست نەبێت. بۆى هەیە بتەپێت و پووچەڵ دەرچێت. ئەوەى لەسەر بۆش بینا بکرێت هەر بۆشە.
زانایان بەم جۆرە وەڵامى ئەمە دەدەنەوە: تیۆری، (لە زمانى ئینگلیزى دا) یەک وشەیە، بەڵام لە بوارە جیاجیاکاندا ماناى جیا جیا دەدات. لە بوارى مرۆڤناسى و کۆمەڵایەتیدا، تیۆری لەسەر گریمانە بینا دەکرێت. بۆى هەیە ڕاست دەرچێت، بۆشى هەیە هەڵە دەرچێت. وەک تیۆریی مارکسیزم. بەڵام لەزانست دا وەک ماتماتیک، فیزیا و بایۆلۆژى، تیۆریی لەسەر بەڵگە و تێڕوانین(OBSERVATION) بینادەکرێت. هەتا بەڵگەکان نەگۆر بن تیۆرییەکەش ناگۆڕێ. بۆنمونە، لە ماتماتیکداڕووبەرى سێگۆشە یەکسانە بە نیوەى درێژى بنکە کەڕەت بەرزى، ئەمە تیۆرییە. هەرگیزیش ناگۆڕێت. دژە ئڤلوشن دەڵێن، تیۆریى ڕووبەرى سێگۆشەمان قەبوڵە، چونکە دەتوانین تاقیبکەینەوە. بە دەستى خۆمان بیپێوین. تیۆرییەک چۆن شیاوی پەسەندکردنە ئەگەر نەکرێت تاقیبکرێتەوە، بیبینى، بیپێوى، بیگرى و بیسەلمێنى، هەر بە قسە نابێت. زاناکان دەڵێن، تەنها ئەو تیۆرییانە ڕاست نین کە دەتوانى خۆت تاقیبکەیتەوە. تیۆری هەیە کە دەستت نایگاتێ، ناتوانى بە دەست بیپێوى، بەڵام بەڵگە و تێڕوانین دەیسەلمێنن. نموونەى تیۆرى گالیلۆ دەهێننەوە کە کاتى خۆى لە ئەنجامى بەڵگە و تێڕوانین، گەیشتە ئەو تیۆرییەى کە زەوى بەدەورى خۆردا دەسووڕێتەوە. نەک بە پێچەوانەوە، کە تا ئەو کاتە، بە درێژایى هەزاران ساڵ، هەمو مرۆڤایەتى پێى وابو کە ئەوە خۆرە بەدەورى زەویدا دەسووڕێتەوە. گالیلۆ، زەوى و خۆرى نەبردە تاقیگە، خۆیشى مەترى هەڵنەگرت بیانپێوێت. بەڵکو لە ئەنجامى ژمارەیەک ڕاستی(FACT)ى فیزیایى و ئەستێرەناسی ئەم دەرئەنجامەى بەدەست هێنا. زۆربەى زۆرى خەڵک و زاناکانى ئەو سەردەمە، دژى وەستانەوە. بەڵام وا ئێستا بووە بە تیۆرییەکى حاشا هەڵنەگر. ئەمە ئەوە دەسەلمێنێت کە تیۆری، بۆى هەیەحاشا هەڵنەگربێت، هەتا ئەگەر ئەستەمیش بوو بەدەست بیپێوى.



ڕەخنە لە وشەى ئڤلوشن (EVOLUTION) 
پێناسەى وشەى ئڤلوشن، بۆتە مایەى مقۆمقۆ و دوبەرەکییەکى زۆر، چونکە ئەم وشەیە، لە بوارە جیاجیاکانى زمانى ئینگلیزیدا، ماناى جیاوازى هەیە. لە بوارى زانست و بایۆلۆجیدا، ئڤلوشن بریتییە لە (گۆڕانى جینى زیندەوەران، بە نەوەى یەک بە دوایەکەکان). بەڵام لە بوارەکانى ترى زانست، وەک ژمێریارى، کۆمپیوتەر، مۆڵکیول، سوسیولۆژى و ڕۆحى، وشەى ئڤلوشن پێناسەى جیاوازى هەیە. بۆیە زۆرجار، کە پیاوانى ئایینى بەرەنگارى تیۆرى ئڤلوشن دەبنەوە، دژایەتییەکە لە پێناسەى ئڤلوشن، لە ڕوانگە ئایینییەکەوەیە نەک بایۆلۆژیەکە.
بۆنمونە، لەبوارى خواپەرستیدا، ئڤلوشن ئامانجى هەیە. بەڵام لە بایۆلۆجیدا، ئڤلوشن هیچ ئامانجێکى نییە. کە زیندەورانیش بە ئڤلوشن بەرەو پێش چوون، لەبەرئەوە نییە کە ئامانجى ئڤلوشن بەرەو پێش چوونە، بەڵکو بەرەوپێش چوون دەرئەنجامى ئڤلوشنە، کە بریتیە لە مانەوە بۆ شیاوترینە.



بۆنموونە: لەهێلانەیەکى هەڵۆدا، دوو هێلکە تروکاون. دوو جوجک لە یەک دایک و باوک هاتونەتە ژیانەوە. جار هەیە، یەکێکیان هەرلە زکماکیەوە نوقسانییەکى بایۆلۆژى تێدایە. هەرچەندە لەسەرەتاوە، دایک وباوک، بێ جیاوازى خواردن بەدەم هەردوکیانەوە دەکەن، نوقسانەکە گەشەناکات و لە ئاکامدا دەمرێت. هەڵۆ زۆرجار، پێش مردنى جوجکە نوقسانەکە، خۆى دەیکوژێت و دەرخواردى جوجکە ساغەکەى دەدات. لە ئەنجامى ئەمە، تۆوى نوقسانەکە لەناو دەچێت، ساغەکەش گەورە دەبێت و لەجینە ساغەکانى خۆى نەوە و نەتیجە دەخاتەوە. ئەم حاڵەتە، سەدان و هەزاران جار دووبارە دەبێتەوە، هەرجارە جینە باشەکە پێش دەکەوێت. لەئاکامدا، نەسڵى هەڵۆ بەرەوپێش دەچێت، واتە مانەوە بۆ شیاوترینە. 



ڕەخنەگران لە ئڤلوشن، پێ دادەگرن کە ئڤلوشن تەنها تیۆرییەکە. بۆیە وەک هەموو تیۆرییەکانى ترى زانست، ئڤلوشن قەتعى نییە. تیۆرى بەڵگە نییە، تیۆرى بیر و بۆچونە. ئەمە ئەو جۆرە رەتکردانەوەى ئڤلوشنە کە لە خودى وشەى ئڤلوشن لە ڕووى زمانەوانییەوە تەماشا دەکرێت. بۆنمونە، لەسیاسەت و ئابورى و کۆمەڵایەتیدا، تیۆریى مارکسیزم، سەرمایەدارى وەک تیۆر، بۆیان هەیە ڕاست بن، یان هەڵە. بۆیان هەیە دوێنێ ڕاست بووبن، ئەمڕۆ هەڵەبن. بەڵام لەزانست دا، تیۆری بریتییە لە دەرەنجامێک، لە ئەنجامى ژمارەیەک بەڵگەو تێڕوانین (OBSERVATION) بینا کراوە، کەئەوان ناگۆڕێن. زانایان دەڵێن ئەو بەڵگە و تێڕوانینانەى ئڤلوشنیان لەسەر بینا کراوە، دوێنێ ڕاست بوون، ئەمڕۆش ڕاستن، سبەیش ڕاستن، بۆیە تیۆرییەکە ڕاستە.



کێشەى ویژدانى
لێرەدا کێشەیەکى ویژدانى بۆى هەیە سەر هەڵبدات. بەوەى کە ڕەنگە باوەڕدارێکى ئڤلوشن باوەڕى وا بێت، مادام مانەوە بۆ گونجاوترینە، با ئێمەى مرۆڤیش بکەوینە ناو کۆمەڵگا، لە خێزانەکانى خۆمانەوە دەست پێبکەین. مناڵە نوقسانەکان لە ناو خێزان و ناو کۆمەڵگا لەناو بەرین، تاکو بە زوویى کۆمەڵگا لە جینى نوقسان پاکتاو بکەین. ئەم کردارە، بە پێوەرى ئڤلوشن هەڵەیە، چونکە ئڤلوشن دیاردەیە، ئامانج و پلانى پێشوەختى نییە، وەک هەمو دیاردەیەکى سروشتى، بۆى هەیە سوودى بۆ مرۆڤ هەبێت و بۆى هەیە زەرەر. بومەلەرزە دیاردەیەکى سروشتییە، دیاردەیەو زەرەریشى بۆ مرۆڤ هەیە. بەو مەبەستە نییە کە ئەم پرۆسەیە ئامانجێکى لەپشتەوەیە، ئەمە تەنها دەبێت وەک واقعێک سەیرى بکەین. هەروەها زۆر گرنگە بیرمان نەچێت کە ئەم واقعە لەکۆمەڵگاى مرۆڤایەتیدا دەبێ وەک خۆى قبوڵ نەکرێت، بەڵکو دەبێت بە یاسا ڕێک بخرێت.



 مەبەستمان چییە؟
ئەگەر واقیعى ئڤلوشن لەژیانى مرۆڤدا پیادە بکەین، واتەباشترە کۆمەڵ، نوقسان و کەم تواناکانى خۆى لەناوبەرێت (پێش ئەوەى سروشت و ئڤلوشن لەناویان بەرێت)، بۆئەوەى نەسلى خراپ لاببرێت و نەسلى چاک زیادبکرێت. هەندێک سەرۆکی وەک هیتلەر، لایەنگیرى ئەم بۆچونە بوون. لە سایەى ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە، کۆمەڵگاى مرۆڤایەتى دووچارى ئازار و زەرەرى زۆر بوو.
دەبێ ئڤلوشن وەک دیاردەیەکى سروشتى تەماشابکەین، نەک ئامانج و ئاراستەیەکى بە مەبەست. هەروەک چۆن وشکە ساڵى، بومەلەرزە، لافاو، گەرما و سەرما، هەموو دیاردەى سروشتین و بۆ مرۆڤ باشیش نین. مرۆڤ هەوڵى داوە بەسەریاندا زاڵ بێت. ئاواش دەبێت تەماشاى ئڤلوشن بکەین و بەئاقارێک ببینین کە بەقازانجى کۆمەڵگاى مرۆڤایەتى بشکێتەوە. ئەوانەى ئیمانیان بە ئڤلوشن هەیە لەبەرئەوە نییە کە بۆ مرۆڤایەتى بیرۆکەیەکى باشە و لەساییەیدا دەحەسێینەوە، لەبەرئەوەیە کە دیاردەیەکى ژیانە. دەرى دەخات ژیان چۆن گەیشتۆتە ئەم قۆناغەى ئێستاى. ئێمە باوەڕمان پێی بێت یان نەبێت، خۆى هەیە، وەک هاتنى شەو و ڕۆژ.



سەنتەرە زانستەکانى داکۆکیکار لە ئڤلوشن زۆرن. ئەکادیمیاى میلى زانست(National Science Academy)، کەپێکهاتووە لە ٦٧ وڵات، لە ساڵى ٢٠٠٦ داکۆکیى خۆیان بۆ ئڤلوشن دەربڕی، کە تەواوى ووڵاتانى ڕابەر لە زانست و تەکنەلۆژیا وەک: بەریتانیا، ئەمریکا، و وڵاتانی ترى ئەوروپاى ڕۆژئاوای تێدایە. لە هەمو ئەو وڵاتانە و زۆرى تریش، داروینیزم کراوە بە بنچینەى خوێندنى بایۆلۆژى لە پۆلەکاندا. بە نزیکەیى تەواوى کۆمەڵگا زانستییەکان، کە نوێنەرى سەدان هەزار زانان، پشتیوانی خۆیان بۆ تیۆریی ئڤلوشن و ڕەتکردنەوەى تیۆریی خەڵق بڵاوکردۆتەوە. ٧٢ زاناى براوەى خەڵاتى نۆبڵ، مەزبەتەیەکیان ئیمزاکرد بۆ پشتیوانیى گوتنەوەى زانستى ئڤلوشن لە پۆلەکانى خوێندن لە ئەمریکا.
بڵاوی بکەوە لە گۆگڵ پڵەس

عن Hedi

    تعليقات بلوجر
    تعليقات فيسبوك