گۆڕانی پێناسەی مرۆڤ لە زانستی مۆدێرندا




مرۆڤ چییە؟


پێدەچێت بەرلەوەی بەوە ڕابگەین بڵێین مرۆڤ ئەمەیە، ئەو خۆی بگۆڕێت بۆ شتێکی تر! بەر لەوەی فریا بکەوین پێناسەیەکی مرۆڤ بکەین، ئەو پێناسەی خۆی بگۆڕێت، لەم قۆناغەی مرۆڤایەتیدا مرۆڤ خەریکە لە داستانی ئادەم و حەواوە  پێ دەنێتە ناو داستانی ئامێرەکان، ماڵئاوایی لە هەست و سۆز دەکات و دەرگا بۆ عەقڵ دەکاتەوە، وا مرۆڤ ئاوا دەبێت و ڕۆبۆتەکان سەردەردێنن!  بەگشتی زانست پێمان دەڵێت :مرۆڤ لە ڕەچەڵەکەوە مرۆڤ نەبووە و بۆ هەتا هەتایەش بە مرۆڤی نامێنێتەوە.
لە ڕوانگەی بیردۆزی پەرەسەندنەوە مرۆڤ لە ئاژەڵەوە (یاخود لە دۆخێکی نامرۆیی)ـەوە گۆڕاوە بەم مرۆڤەی ئێستا پێدەچێت پەرەسەندنی زانست و تەکنەلۆجیا و گۆڕانکارییە پزیشکییە جۆربەجۆرەکانیش بیگۆڕن بۆ ئامێرێێکی بێهەست، یاخود دۆخی بە ئامێربوون واتە دیسان بیبەنەوە ناو دۆخێکی نامرۆیی. کەواتە دەکرێت بڵێن دەشێت قۆناغی مرۆڤایەتی قۆناغێکی ناوەندیی بێت لە نێوان دوو قۆناغی نامرۆییدا.



لە دیدی داروینەوە مرۆڤ لە باشترین حاڵدا مەیمونێکە کە تووکەکەی لە دەست داوە، مرۆڤ لە سەرەتادا یەک جۆری نەبووە، بەڵکو چەندین جۆری هەبووە کە لە سەردەمە جیاوازەکان هاتوونەتە کایەوە، بەشێک لە جۆرە جیاوازەکانی مرۆڤ لە هەمان کات و هەندێکجار لە هەمان شوێنیشدا پێکەوە ژیاون، هەندێک لە جۆرەکانی مرۆڤ لەناوچوون ئێمە تا ئێستاش نازانین کە چەند جۆر مرۆڤ هاتوونەتە ژیانەوە و هەوڵی مانەوەیان داوە و چەند جۆری تریش لەناوچوون؟! ئێمە ئێستا یەک جۆر مرۆڤ دەبینین کە هەیە کە ئەویش جۆری هۆمۆساپیانە، کە دەشێت ئەم جۆرەی مرۆڤ هۆکاری لەوناوچوونی هەندێک جۆری تری مرۆڤ بووبێت وەک نیاندەرتاڵەکان
مرۆڤ پێناسەی هەمەچەشنی هەیە و لەژێر ڕۆشنایی زانستی کیمیادا دەتوانین بڵێین مرۆڤ ئەو ماددەیەیە کە لە سەدا حەفتاوپێنجی ئاوە، یاخود ئاوێتەیەکی ئاڵۆزە و لە توخمی ئۆکسجین و کاربۆن و هایدرۆجین و نایترۆجین و چەند توخمێکی تر پێک هاتووە، هەروەها لەژێر ڕۆشنایی ئەو ڕاستییە بایۆلۆجییەی کە دەڵێت ژمارەی بەکتریاکان لە لەشی مرۆڤێکی تەندروستدا نزیکەی دەجار زیاترە لە ژمارەی هەموو خانەکانی لەشی دەتوانین بڵێین مرۆڤ عەمبارێکی بەکتریایە، یاخود مرۆڤ پیسکەرترین زیندەوەری ژینگەیە، یاخود مرۆڤ ئەو زیندەوەرە فرەخانە هەمەچەشن خۆرەیە کە توانای ڕۆیشتنی هەیە لەسەر دوو پێ، ئێمەی مرۆڤ بە هۆی عەقڵەوە توانیومانە ببین بە سەرداری ئەم هەسارەیە، پێدەچێت هەر عەقڵ خۆشی هێدی هێدی جێگەمان پێ لێژ بکات.



ئایا مرۆڤ جیاوازە لە زیندەوەرانی تر؟



ئایا سنوورێک هەیە کە مرۆڤ لە زیندەوەرانی تر جیابکاتەوە؟ کاتێک دەڵێین مرۆڤ بوونەوەرێکی بیرکەرەوەیە ئەی دەبێت ئەو مرۆڤانە ناو بنێین چی کە بە هۆی ناتەندروستی کۆئەندامی دەمارەوە توانای بیرکردنەوەیان نییە؟ خۆ گەر بڵێین مرۆڤ بوونەوەرێکی قسەکەرە ئەی دەبێت ئەو مرۆڤانە چی بن کە توانای قسەکردنییان نییە؟ ئەمە بەدەر لەوەی توانا عەقڵییەکانی مرۆڤ لە هەموو تەمەنەکانیدا وەک یەک کار ناکات، وەک قۆناغی منداڵی و پیری هەروەها توانای قسەکردنی مرۆڤیش لە هەموو تەمەنەکان چونییەک نییە، جگە لەوەی توانای عەقڵی هەر مرۆڤێک لە مرۆڤێکی تر جیاوازە، خۆ ئەگەر مرۆڤەکان بخەینە بەر تاقیکردنەوەی مرۆڤ بوون ئەوا زۆر گیانلەبەر دەبینین کە بە ڕوخسار مرۆڤە و سیفەتەکانی مرۆڤیشی تێدا نییە، لە دیدی بیردۆزی پەرەسەندنەوە مرۆڤ  ڕەچەڵەکێکی جودای نییە لە ئاژەڵ. 
لە ڕوانگەی زانستی بایۆلۆجییەوە مرۆڤ ئەو زیندەوەرەیە کە بە بەراورد بە زیندەوەرانی تر قەبارەی مێشکی بەگوێرەی جەستەی گەورەترە، بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوە جینەتیکییەکان مرۆڤ ڕەچەڵەکێکی جودای نییە لە گیانلەبەرانی تر.. 
و جیاوازییەکی دیار و ئاشکرا لە نێوان مرۆڤ و زیندەوەرانی تر نییە، ئەوەی هەیە بریتییە لە بوونەوەرێک کە دەرفەتێکی مێژووی و ژینگەیی و جێنەتیکی هەندێک سیفەتی جیاکراوەی پێبەخشیوە.  ئاسایش و خۆراک  دوو پاڵنەری سەرەکی بوون لە  گۆڕانکارییەکانی زیندەوەراندا، تەنانەت شێوازی خۆراک و جۆری خۆراک دەتوانێت کار لە گەشەی مێشک و ڕەفتارەکانی بکات. مرۆڤ بەرهەمی بارودۆخێکی تایبەتی و زنجیرەیەک لە ڕێکەوتی ژینگەیی و جێنەتیکییە، خۆ ئەگەر ئەو ڕێکەوتانە نەبوایە چیتر مرۆڤ بونی نەدەبوو.



قۆناغەکانی سەرهەڵدانی مرۆڤ لە ڕوانگەی بیردۆزی پەرەسەندنەوە:



سەرەتای پەیدا بوونی ژیان



هەندێک لە (پەیلانتۆلۆجییەکان ) سەرەتای ژیان دەگێڕنەوە بۆ 3.7 بلیۆن ساڵ لەمەوپێش ئەوەش بەگوێرەی نیشانە بەبەردبوی جیۆکیمییاییەکان بروا وایە خانەی بەکتریاکان (پرۆکاریۆتیک) هاتبێتە کایەوە ،ژیانی تاک خانەیی بۆ ماوەیەکی یەکجار زۆر بەردەوام بوو،ژیانی گیاندارە فرەخانەییەکان زیاتر لە دەوروبەری 542 ملیۆن ساڵ بە ئاشکراو بەشێوەی زۆر لە بەڵگە بەبەردبووەکان دەردەکەوێت ئەو قۆناغە  بە تەقینەوەی (کەمبریان) ناسراوە کە ڕێژەی گیاندارە فرەخانەییەکان بەشێوەیەیکی زۆر ئاشکرا پەرەیسەندووە.



دەرکەوتنی فرەخانەکان



کاتێک ژیانی فرەخانەییەکان هاتە کایەوە هەندێک نەهامەتیش لەگەڵیاندا هاتنە کایەوە گۆڕانکاری کتوپڕی بەسەردا هاتووە کارەسات بۆ ژیانی فرەخانەییەکان دروست بووە  لە کاتێکدا بارودۆخی ژینگەیی تایبەتی گۆڕا بەجۆرێک کە لەبار نەبێت بۆ ژیانێکی ئاڵۆز ئەوا هەموو جۆرە فرەخانەییەکان ڕوبەڕوی نەمان بونەتەوە (لە هەندێ کاتیشدا نەمانی گشتی) هەر لەبەر ئەوەش بووە کە ژیانی فرەخانەییەکان بەلایەنی کەمەوە بە پێنج قۆناغی کارەساتی نەمانی گشتی دا تێپەڕیووە کە زۆربەی زۆری گیانلەبەرەرکان ڕوبەڕوی نەمان بونەتەوە ،لە هەر قۆناغێک دا بەشێکی زۆری جۆری گیانلەبەران ڕوبەڕوی نەمانێکی گشتی بونەتەوە و ئەوەش بووەتە هۆکاری کۆتایی پێهێنانیان ،بۆ نمونە لە قۆناغی نەمانی گشتی (پێرمەن_تراسک) لەپێش 251 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر ڕویداوە نزیکەی لە سەدا نەوەد بۆ لە سەدا نەوەد وشەشی (%90-%96) ی هەموو جۆرە گیانلەبەرەکان نەمان دوای ئەو کارەساتە ژینگەیییە ژیان دیسان گەشایەوە و هەلومەرج دروست بووەوە بۆ زۆر جۆری نوێ بێتە کایەوە ،بەڵام هەموو ئەو جۆرانەی کە هاتنە کایەوە تەنها لەو ڕێژە کەمەی کە مابوونەوە پەرەیسەندوە. یان لە قۆناغی کارەساتی (کەی تی باوندەری) کە نزیکەی 65 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر ڕویداوە زۆر لە جۆرەکان کۆتایی هات ،ئەو کارەساتە (ئەو نەمانە گشتی) ە هەلو مەرجێکی تایبەتی بۆ پەیدابوون و گەشەکردن و زیادبوونی هەندێک لە جۆرە گیانلەبەرە تازەکانی هێنایە کایەوە بۆ نمونە شیردەرەکان.



دەرکەوتنی شیردەرەکان



شیردەرەکان لەوکاتانەوە هەبوون و هاتونەتە کایەوە کە کە دایناسۆرەکان هاتونەتە کایەوە و پەیدابون (کە ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ 250-290 ملیۆن ساڵ لەمەوپێش) بەڵام شیردەرەکان لە ژێر سایەی دایناسۆرەکان زۆر بە شارەزایی دەژیان ، کارەساتی (کەی تیباوندەری) 65 ملیۆن ساڵ لەمەوپێش ڕویداوە بەهۆی کەوتنە خوارەوەی ئەسترۆیدێک کە بە ئەندازەی شارێک دەبوو ئەو کارەساتە کۆتایی بە ژمارەیەکی زۆر زیندەوەر هێنا،کۆتایی بە دایناسۆرەکان هێناو هەلومەرجێکی بۆ شیردەرەکان هێنایە پێشەوە کە لە شوێنە شارراوەکانیان بێنە دەرەوە و بەبێ ترسێکی زۆر لەوەی ببنە نێچیری دایناسۆرەکان گەشە بکەن شیردەرەکان توانییان زۆر بە خێرایی هەموو ئەو بۆشاییە پڕبکەنەوە کە پێشتر لەلایەن دایناسۆرەکانەوە داگیرکرابوو یەکێک لە و شیردەرانەی پاش داینەسۆرەکان گەشەیان کرد و بە ئاشکرا هاتنە کایەوە بە پرایمەت ناسراو ە.



دەرکەوتنی پرایمەت



 پرایمەت ئەو بەشە سەرەکیی بووە کە ئەم ڕەگەزەی ئێمەی مرۆڤی لێوە هاتۆتە کایەوە بەگوێرەی ئەو بەڵگە بەبەردبوانەی دۆزراونەتەوە وادادەنرێت پرایمەتەکان پێش 54.8 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر هاتبێتنە کایەوە.



پرایمەتەکان هەندێک سیفات و تایبەمەندییان هەبووە کە دەتوانین بیکەینە کلیلی تێگەشتن لە هەڵسوکەوتی ئاڵۆزی مرۆڤ ،مرۆڤ جیاواز لە گیانەوەرانی تر دەتوانێت جەستەی بە جۆرەها شێواز بجوڵێنێت و دەتوانێت هەڵسوکەوتی ئاڵۆز و هەمەجۆر بکات لەکاتێک دا هەڵسوکەتوتی زیندەوەرانی تر لە چاو مرۆڤ دا سادەترو سنوردارترە.



پرایمەتەکان هەر لەڕۆژی هاتنە کایەوە بە ژیانی سەر دارەکان ڕاهاتبون ،ژیانی سەردارەکان نەک تەنها لە جۆرە شیردەرە گۆشتخۆرەکان دەیپاراستن ، کە ژمارەیان پاش لەناوچونی دایناسۆرەکان زۆر بوبو بەڵکو شوێنێک بوو بۆ پەیداکردنی خواردنی زۆر و دەسکەوتنی خواردن بە شێوەیەکی ئاسان و بێ مەترسی  ،هەروەها پرایمەتەکان زۆربەی چالاکییەکانیان لە کاتی ڕۆژدابوو ،کە ئەمەش دەکرێت بە لێکچونێکی تر لە نێوان مرۆڤ و پرایمەتەکان دابنرێت ، جۆری ئەو میوە و گەڵا و گوڵ و ناوکانەی لێیان پەیدا دەبوون زۆر تێکەڵ و جیاواز بوون ئەوەش پێویستی بە خۆگونجانی جیاواز هەبوو، ژیان لەسەر درەختەکان هەروا بە ئاسانی بەڕێوە نەدەچوو ،بەڵکو پێویستی بە جوڵەی تایبەت و پێشبینی کردن و ئەندازەکردنی بازدان لە لقێکەوە بۆ لقێکی تر ،یان درەختێکی تر و خۆڕاگرتنەوە لەسەر لق و پۆپی دارەکان ئەمانە هەمووی لێزانینێکی دەویست ،زیاتر لە بەرَێوەبردنی ژیانێکی یەک شێوەیی و سادە ، ژیانی پرایمەتەکان ئاڵۆزتر بوو بەهۆی پێویستی فێربونی تاکەکان لەسەر ئەو ژیانە بوون بە دارەوان کارێکی هەروا ئااسان نییە ،هەر لەبەر ئەو هۆیەش بووە کە دۆزراوەتەوە پرایمەتەکان لەچاو ئەندازەی لەشیان مێشکێکی گەورەتریان هەبوە ،ئەم سیفەت و هەڵسوکەوتە ئاڵۆزانەی پرایمەتەکان بنەمایەکی بۆ هاتنە کایەوەی هۆمینۆیدیە داڕشت.



هۆمینۆیدییە



ڕەگەزی (هۆمیینۆیدییە) کە (22_26) ملیۆن ساڵ لەمەوپێش لە ڕەگەزی مەیمونی جیهانی کۆن جیابۆتەوە ،و دواتر بۆ خۆشی لە چەند ساتە وەختێکی مێژووی دا چەند ڕەگەزێکی تری لێ جودا بوەتەوە گۆرێللا لەنێوان 6-9 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر لە هۆۆمینینی جیابۆتەوە و ڕەگەزی  مرۆڤ و شەمپانزی 4-7 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر لەیەکتری جیابونەتەوە داروین وای بۆ دەچوو کە مرۆڤ بەشێک بێت لە هۆمینۆیدیە ،هۆمینۆیدیەکان بە قۆناغی خۆگونجاندنی جۆراوجۆردا تێپەڕین کە بووە هۆی گۆڕانکاری جیاواز ئەو گۆڕانکاریانەش بوونە هۆی هاتنە کایەوەی جۆری جیاواز هەروەها بونە هۆی خۆگونجاندنی جیاواز (جیاواز لەخۆگونجاندنەکانی پێشوتر) بۆنمونە یەکێک لەو خۆگونجاندنە سەرەتاییانە ڕۆشتنی سەر زەوی لەسەر دوو پێ بوو ، لەبەر ئەوەی دەست دەورێکی تایبەتی هەبووە لەو شێوە خۆگونجاندنانەی  کە هۆمینۆیدیە گرتبویە بەر ،دەبینین دەست بەگوێرەی خۆگونجاندنەکان شکڵ و شێوەی وەرگرتووە  ،بە هۆی ئەو ڕۆڵە گرنگەی دەست هەیبووە لە خواردن لە گرتنی بەرد و دار بۆ شکاندنی ناوکەکان لە خۆهەڵواسین بە دارەکان و جێخۆشکردن لەسەر دراەکان ئەو تایبەتییە بەکارەی دەست کەم بۆتەوە کە وەک قاچ بەکاربێت بۆ ڕۆشتن .هۆمینۆیدیە چەندین گۆڕانی جۆربەجۆری بەسەردا دێت کە دەبێتە هۆی هاتنە کایەی هۆمۆ (کە دەتوانین بە مرۆڤی ناوببەین) ،جینێکی تایبەت کە بە جینی( ئەی ئەیچ ئای ) ناسراوە ئەو جینە تایبەتە بە پاش و پێش خستنی پێیەکان ئەم جینە تایبەتە لە مرۆڤ دا بە شێوەیەکی چالاک هەیە ،کە تایبەتمەندی هەستانە سەر پێ لای مرۆڤ پیشان دەدات ئەو جینە لە شەمپازیشدا هەیە ،بەڵام لە شەمپانزی دا ئەو جینە کارناکات ،چونکە هەندێک گۆڕانکاری بەسەر مرۆڤ دا هاتوە کە بووەتە هۆی چالاککردنی ئەو جینە هەمان ئەو گۆڕانکارییانە بەسەر شەمپانزی دا نەهاتووە .



ئۆسترلیۆپەسەکەس



ئۆسترلیۆپەسەکەس  کۆمەڵە جۆرێکی تایبەت بوون لە قۆناغێکی پێش مرۆڤ دەژیان و بونە هۆی هاتنە کایەوەی ڕەگەزی مرۆڤ ،(ئۆسترلیۆپەسەکەس) بەبەربڵاوی لە ئەفریقادا دەژیان ،ئەمانە لە شێوەی مرۆڤ دا بوون بەڵام ناتوانین ناوی مرۆڤی تەواوەتییان لێبنێین لەبەر چەند جیاوازییەکی گرنگ ،هۆمینێنەکان زەحمەتێکی زۆریان بینیوە لە قۆناغی دوای جێهێشتنی دارستانەکان و ڕاهاتن لەسەر جیهانی دەشت ،هۆمینێنەکان تەنها یەک جۆر نەبوون بەڵکو زیاتر لە حەوت جۆری جیاوازی هۆمینێنەکان بوونی هەبووە کە وابەستەبوون بە ژینگە و ئەگەری خواردنی جیاوازەوە ،هۆمینَنەکان بەگشتی پێکهاتبوون لە ئۆسرۆلیۆپەسەکەس ،ئەو گۆڕانکارییانەی کە بەسەر ئۆسترلیۆپەسەکەسەکان  دا هاتبوو بووە هۆی هاتنەکایەەی جۆرێکی تازە کە بە هۆمۆ ناسراون ،لەلای هەندێک  زاناکان هۆمۆکان یەکەم مرۆڤ بوون بە واتای ووشە .



هۆمۆ



هۆمۆ باڵایەکی بەرزتری لە ئەسترلیۆپەسەکەس هەبوو ئەندازەی باڵای هۆمۆ بە ئەندازەی باڵای مرۆڤی ئەمڕۆ بووە لەوەش گرنگتر ئەندازەی مێشکی زۆر لەمێشکی ئەسترلیۆپەسەکەسەکان گەورەتربووە کاتێک باسی قۆناغی گۆڕانکارە سەرەتاییەکانی هۆمۆ دەکەین زیاتر دەگەڕێینەوە بۆ سەردەمی 2-1،5 ملیۆن ساڵ لەمەوپێش ،مرۆڤە سەرەتاییەکان پێش یەک ملیۆن ساڵ لەمەوبەر توانییان بگەنە دوورگەی (جاڤا) کە بەشێکە لەووڵاتی ئەندەنوسیا
لەسەرەتای پەیدابوونی هۆمۆ چەند گۆڕانکارییەکمان سەبارەت بە پەیدابوونی زمان دێتە ڕێ ،جینی ( فۆکس پی) کە لەناو هەموو مرۆڤەکان دا هەیە و تایبەتە بەگەشەکردنی زمان ئەو جینە لە شەمپا نزیاو غۆرێللاش دا هەیە لە ناو مرۆڤ دا ئەو کەسانەی کێشەیان هەیە لەو جینە ناتوانن بە باشی قسە بکەن ئەو جینە لە مرۆڤ دا دوو گۆڕانکاری تێدایە کە لە ئاژەڵانی تردا نییە بەڵام ئەو دوو گۆڕانە لە نیاندەرتاڵەکان دۆزراونەتەوە هەربۆیە ئەگەری ئەوە هەیە کە مرۆڤە نیاندەرتاڵەکان توانای قسەکردنیان هەبوبێت، مرۆڤە سەرەتاییەکان پێش یەک ملیۆن ساڵ لەمەوبەر توانییان بگەنە دورگەی جاڤا ، کە بەشێکە لە ووڵاتی ئەندەنوزیا مرۆڤی جاڤا تەمەنی دەگەڕێتەوە بۆ یەک ملیۆن سال لەمەوبەر.



مرۆڤە وون بووەکە



(مرۆڤە ون بووەکە)، ئەو زاراوەیەیە کە بەکاردەهێنرێت بۆ دۆزینەوەی ئەو جۆرە مرۆڤەی کە بووەتە هۆی پەیدابوونی مرۆڤی ئێستا ،واتە مرۆڤی بەرایی پێش هۆمۆساپیان ،نیاندەرتاڵەکان لەگەڵ هۆمۆساپیانەکان لە یەک سەردەم ژیاون و تەمەنی بونیان زۆر لە تەمەنی هۆمۆساپیان نزیکبووە ،مرۆڤی نیاندەرتاڵ جۆرێکی جیاوازی مرۆڤ بوون لە دەوروبەری 30000 بۆ 150000 ساڵ لەمەوپێش دەژیان نیاندەرتاڵەکان خوێنیان لە جۆری (ئۆ) بووە و ڕەنگی قژیان سور بووە ،نیاندەرتاڵەکان لەوانەیە لەگەڵ هۆمۆساپییان واتە ڕەگەزی ئێمە تێکەڵ بوبێتن چونکە هەندێک لە ئێمە لە سەدا چواری جینەکانمان پێکهاتووە لە جینی تایبەتی نیاندەرتاڵەکان ،ڕەگەزی هۆمۆساپییان و نیاندەرتاڵ لە دوو شوێنی جیاواز هاتونەتە کایەوە ،لە کاتێکدا نیاندەرتاڵ لە ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرەیسەندبوو ڕەگەزی ئێمە لە ئەفریقا دەرکەوت ،نیاندەرتاڵەکان 24 هەزار ساڵ لەمەوپێش لەناوچون ،بەڵام لەهەمان کاتی لەناوچونی ئەوان دا یان لە دواڕۆژەکانی نیاندەرتاڵەکان دا ڕەگەزی ئێمە (هۆمۆساپیان) لەو ناوچانەی نیاندەرتاڵەکان زۆر بە چرَی هەبوون ئەمەش ئەو پرسیارەمان لادروست دەکات کە ئایا ڕەگەزی ئێمە نەبۆتە هۆی لەناوچونی ڕەگەزی نیاندەرتاڵ؟



هۆمۆساپییان



ڕەگەزی ئێمە هۆمۆساپیان نزیکەی 190-200 هەزار ساڵێک دەبێت هاتوینەتە کایەوە ،بەڵام ئەمە بە واتایە نییە کە هیچ گۆڕانکارییەک لە سەرەتای دروست بونمانەوە ڕویینەدابێت بەڵکو ئەگەر بەراوردی ئێسکی هۆمۆسایپەکانی پێش سەردەمی کشتوکاڵ بکەین لەگەڵ ئێسکەکانی دوای داهێنانی کشتوکاڵ ئەتوانیت جیاوازی لە نێوانیان بدۆزیتەوە ،گۆڕانکارییەکان لە سنورێکی دیاریکراوی مۆرفۆلۆجی ڕەگەزیدا ڕویانداوە ،بەڵام دۆزراوەتەوە کە گۆڕانکاری زۆر بەربڵاوی جێنەتیکی لەناو ڕەگەزی ئێمە دا ڕوویانداوە ،چاوی شین لە دوای 10 هەزار ساڵەوە هاتۆتە کایەوە هەروەها ڕەننگی پێست گۆڕانی بەسەردا هاتووە ،مرۆڤ بە شێوەیەیکی زۆر کتوپڕو ناکاو گەشەیکرد لە سەردەمی دەسپێکردنی کشتوکاڵ دا واتە نزیکەی 10هەزار ساڵ لەمەوبەر ڕێژەی مرۆڤ لە جیهان دا چەند ملیۆننێک بووە ، کاتێک دێینە سەر قۆناغی ئیمپڕاتۆری ڕۆما دەردەکەوێت کە ڕێژەی مرۆڤ لە جیهاندا سەد بۆ دوو سەد ملیۆن بووە ئێستا مرۆڤ زیاتر لە 7 هەزار ملیۆنە ،بەبەردبووەکان نیشانی دەدەن کە چەند جۆرێکی مرۆڤ لە یەک کاتدا لە ئەفریقا ژیاون هەندێک لەو جۆرانە ڕوبوڕووی لە ناوچوون بونەتەوە لەوانەش ڕەگەزی هۆمۆئیرەکتس(ئیرەکتس بە واتای لەسەر پێوەستان دێت) (کە ئەژدادی نزیکتری ئێمە بوون) و جۆری هۆمۆ هابیلیس (هابلییس بەواتای ئەوە دێت دەستی بەکارهێناوە چونکە بەردی بەکاردەهێنا بەردی دەتاشی و بۆ مەبەستی تایبەت بەکاریدەهێنا) کە نەماوچوون و ڕەگەزی (ڕۆبەست ئۆسترلیۆپەسەکەس) کە ئەویش لەناوچووە.لە یەک کات دا لە کیشوەری ئەفریقا ژیاون ،جیاوازی نێوان ئەم جۆرە مرۆڤانە بەگشتی جۆری خۆراک و ڕیگای دەسکەوتنی خۆراک دیاریکردووە ،کە بوەتە هۆی جیاوازی لە شێواز دەست و قاچ یاخود پەلەکانیان هەروەها جیاوازی ئێسکی شەویلکە و جینەکانیان ،قەبارە و شێوەی ددانەکان کار لە جۆری خۆراک دەکەن و جۆری خۆراکیش کار لە گەشەی مێشک دەکات ،یەکێک لەو چیرۆکانەی لە هەندێک لە ئەفسانەکان دا بەدیدەکەین دۆرزینەوەی ئاگرە کە بوبێتە هۆی دەستپێکردنی شارستانی و هێنانە کایەی گەورەترین گۆڕانکاری لە مێژووی مرۆڤ دا ،یەکێک لە کۆنترین شوێنەواری بەکارهێنانی ئاگر لەلایەن مرۆڤەوە دۆزرابێتەوە لە ناوچەیەک دۆزراوەتەوە کە پێیدەڵێن (سورتکران) لە بشووری ئەفریقا،ئەو شوێنەوارەش دەگەڕێتەوە بۆ 1،4 هەتا 1،5 ملیۆن ساڵ لەمەوپێش. 



ئایا مرۆڤ بە بەهاترە لە زیندەوەرانی تر؟



گەر لێمان بپرسن ئایا بەهای ژیانی سیسرکێک بەرزترە یاخود ژیانی مرۆڤێک، ڕەنگە دەستبەجێ بڵێین، ژیانی مرۆڤ بە بەهاترە، چونکە مرۆڤ بوونەوەرێکی خاوەن عەقڵە، بەڵام جیاوازی نێوان مرۆڤ و زیندەوەرانی تر لە سەر بنەمای توانای عەقڵی دەشێت سەربکێشێت یاخود ڕێگە خۆش بکات بۆ جیاوازی نێوان مرۆڤ و مرۆڤیش چونکە توانای عەقڵی مرۆڤەکانیش لێک ناچێت، گەر ئێمە بڵێین ژیانی مرۆڤێک لە ژیانی ئەسپێک بە بەهاترە، چونکە مرۆڤ عاقڵترە ئەوە زۆر بە ئاسانی دەشتوانین بڵێین ژیانی مرۆڤێکی ئاسایی لە مرۆڤێکی بیرکۆڵ بە بەهاترە و بلیمەتێکیش لە مرۆڤێکی ئاسایی باشتر و بە بەهاترە ئەگەر زیاتریش بڕۆین دەتوانین لەسەر بنەمای نمرەی خوێندکارانی پۆلێک بڕیار لەسەر بەهای ژیانی ئەو خوێندکارانە بدەین، خۆ ئەگەر بڵێین ئەم بڕیارە دروست نییە و ئەشێت خوێندکارێک نمرەی لاواز بێت بەڵام لە بوارێکی تر جگە لە خوێندن بەتوانا بێت ئەوە دیسان دەتوانین بڵێین ڕاستە بەکتریایەکیش دەماخێکی هاوشێوەی مرۆڤی نییە، بەڵام بەکتریا زۆر بە سەرکەوتووی زەوی لە جەستەی مردووەکان و پاشەڕۆکانی سەرزەوی ڕزگار دەکات، ڕاستە ڕووەکێک عاقڵ نییە، بەڵام ڕۆڵێکی بەرچاو لە ڕێکخستنی سیستمی ژینگەدا دەگێرێت کەواتە بۆ دەبێت بەهای بەکتریایەک و ڕووەکێک لە مرۆڤێک نزمتربێت؟ ئایا ئەمە ئەو خۆپەرستییە نییە لە مرۆڤ دا کە ئێمە نامانەوێت دانی پیابنێین؟ یان  ئەمە ئەو وەهمە نییە کە ناومان ناوە مرۆڤایەتی؟!



لە ڕوانگەی زانستی بایۆلۆجییەوە دەتوانین بڵێین جیاوازی نێوان مرۆڤ و زیندەوەرانی تر چەند جیاوازییەکی بچووکی جینییە، یاخود شێوازی پێکەوەبەستنی ترشە ناوکییەکانە لە دی ئێن ئەیدا، لە ڕوانگەی بیردۆزی پەرەسەندنەوە هەموو ئاژەڵان و مرۆڤیش لە یەکجۆر خانەی تایبەتی دروست بوون کە پێی دەوترێت (ئیۆکاریۆتیک) هەرچی زیندەوەر هەیە لە پێکهێنەری چوار ترشی ناوکی تایبەتی دی ئێن ئەی دروست بوون.



نزیکترین زیندەوەر لە مرۆڤەوە شەمپانزیی و گۆرێللایە بە گوێرەی هەڵسەنگاندنە نوێکان لێکچونی نێوان ڕیزبەندی دی ئێن ئەی مرۆڤ و شەمپانزی %95-%99 یە بەسوودوەرگرتن لە تەکنیکی کاتژمێری گەردیلەیی ماوەی نێوان ئاڵوگۆری جین لە شەمپانزییەوە بۆ مرۆڤ بە 4-8 ملیۆن ساڵ مەزەندە دەکرێت، ،شێۆە و پێکهاتەی گشتی دەماخی مرۆڤ هاوشێوەی شیردەرەکانی ترە ، زۆرینەی سیفەتەکانی دەماخی مرۆڤ هاوبەشە لە هەموو بڕبڕەدارەکان.
بە گشتی لە ڕوانگەی بیردۆزی پەرەسەندنەوە مرۆڤ هیچ نییە جگە لە ئاژەڵێک کە لە ساتەوەختێکی مێژوویدا دەرفەتێک بۆ گەشەکردنی خانەکانی مێشکی و گەشەکردنی هەڵسوکەوت و ڕەفتارەکانی ڕەخساوە، گەشەکردنی عەقڵ و شارستانییەتی مرۆڤ بەشێکی زۆری پەیوەستە بە توانای زمان و قسەکردنی مرۆڤەوە لە کاتێکدا ئەم توانایە لە گیانلەبەرانی تریش هەیە، بەڵام واپێدەچێت لە مرۆڤدا گەشەسەندووتر بێت. لێکۆڵینەوەکان باس لە توانای قسەکردنی شامپیانزی دەکەن کە تاڕادەیەکی زۆر لە مرۆڤەوە نزیکە شەمپانزی لەگەڵ ڕوودانی هەر مەترسییەک بە شێوەیەکی جیاواز هاوار دەکات، بۆ نموونە ئەو هاوارەی لەگەڵ بینینی شێر دەیکات جیاوازە لەگەڵ ئەو هاوارەی لەگەڵ بینینی مارێک دەیکات، هەروەها ئەو هاوارەی لەگەڵ بینینی خۆراکێک دەیکات جیاوازە لەگەڵ خۆراکێکی تر، هەروەها ئەو جینەی کە بەرپرسە لە توانای قسەکردن لە مرۆڤدا لە شەمپانزیشدا هەیە، بەڵام چالاک نییە هەندێک مرۆڤیش کە ئەم جینەیان چالاک نییە توانای قسەکردنییان نییە.



داهاتوی مرۆڤ لەنێوان بە ئامێرکردنی مرۆڤ و بەمرۆڤ کردنی ئامێردا



دەبێت ئەم بوونەوەرەی ناوی مرۆڤە لە داهاتوودا ببێت بە چی؟ یاخود چ چارەنووسێکی هەبێت؟ هەر لەسەر ئەم شێوازە ژیانە تاکەی دەبێت بەردەوام بێت؟ ئایا دەکرێت لە ساتێک لە ساتەکان مرۆڤایەتی بە یەکجاری لە ناوبچێت و هیچ ئاسەوارێک جێنەهێڵێت لەم گەردوونەدا؟ ئایا دەکرێت وەک چۆن هۆمۆئیرەکتەس و هۆمۆهابیلەس لە ساتەوەختێکی مێژوویدا لەناوچون ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەم جۆرە مرۆڤەی ئێستاش نەمێنێت و جۆرە مرۆڤێکی نوێ یاخود ئامێرەکان جێگەی بگرنەوە؟!  هێشتاش ئەو زانایانەی لە بواری دروستکردنی ڕۆبۆت کار دەکەن هەوڵی تەواوی ئەوە دەدەن چۆن بتوانرێت ڕۆبۆتێک دروست بکرێت هاوشێوەی مرۆڤ بێت؟ وەک مرۆڤ هەست و سۆزی هەبێت، گەرچی ئەو زانایانە ئەوە لە یاد دەکەن کە مرۆڤی سروشتیش بۆ خۆی خەریکە هەستەکانی لە دەست دەدات، لەو کاتەدا کە ئێمە سەرقالی ئەوەین چۆن هەست و سۆزو ئاگایی بە ڕۆبۆتەکان ببەخشین ئەوەمان لە یادکردوە کە هەست و سۆز خەریکە بەتەواوی لە ناو ئێمە ی مرۆڤی سروشتیشدا خامۆش دەبێت. 
لەگەڵ هەموو بەڵگە ئێسکییەکان و لێکۆڵینەوە جینەتیکییەکان تا ئێستاش ئێمە بەڵگەی تەواوەتیمان نییە لە سەر دۆزینەوەی ڕەچەڵەکی مرۆڤ، هێشتاش لە بیردۆزی پەرەسەندنی داروین کۆمەڵێک شتی زۆر گرنگ ونە، لە هەموو بارێکدا هێشتا دونیایەک نهێنی لە ژیانی مرۆڤ بوونی هەیە نازانین ئاخۆ ئەم نهێنییانە ڕۆژێک ئاشکرا دەبن یاخود هەر بە پەنهانی دەمێننەوە؟! ئاخۆ ئێمەی مرۆڤ دەبێت مەحکوم بین بەوەی ڕابردووی خۆمان نەزانین و نەزانین لەکوێوە هاتوین؟!



پێدەچێت هەروەک چۆن لە ساتەوەختێکی مێژووییدا چەند جۆرێکی جیاوازی مرۆڤ وەک نیاندەرتاڵ و هۆمۆساپییان پێکەوە لەیەک ناوچە ژیاون و ڕوبەڕووی یەکتر بوونەتەوە ئاواش جۆری ئێمە ڕۆژێک ڕوبەڕووی جۆرێکی جیاوزی مرۆڤ  ببینەوە کە دەشێت ئامێر یاخود مرۆڤێکی دەسکردی زانستی پزیشکی نوێ بێت، ڕەنگە ململانێیان لەگەڵ بکەین ڕەنگە ئەوان ئێمە لەناو ببەن یاخود ئێمە ئەوان لەناوببەین.



زانست و تەکنەلۆجیای نوێ کار لەسەر گۆڕینی پێناسەی مرۆڤ دەکات بە چەندین شێوازی جۆربەجۆر و ناڕاستەوخۆ، زانستی پزیشکی نوێ کار لەسەر دروستکردنی مرۆڤێک دەکات پیر نەبێت، خاوەن ڕوخسارێکی جوان و جەستەیەکی نموونەیی بێت، نەمر بێت بە شێوازێکی جیاواز لە شێوازی سروشتی بێتە ژیانەوە، ئەو مرۆڤەی ئێستا زانایان لە تاقیگە و دەزگا زانستییەکان نەخشەی بۆ دادەڕێژن چیتر ئەو مرۆڤە نییە کە ئێمە دەیناسین، ڕەنگە ئەمە لای هەندێکمان جێگای نیگەرانی بێت، بەڵام ئایا ئێمە دەتوانین پێش بە شەپۆلی بەهێزی پێشکەوتنی زانستی نوێ بگرین؟! ئایا بەدیلێکی شیاوتر و بەهێزترمان هەیە؟! یاخود تاکەی دەبێت لەسەر ئەم شێوازە کۆنەی ژیانی مرۆڤایەتی بەردەوەام بین؟ ئایا شێوازی کۆنی ژیانی مرۆڤ شیاو بووە تاکو ئێمە بەرگری لێ بکەین و هەوڵی پاراستنی بدەین؟! هەرچۆنێک بێت دەبێت بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ لەدایکبوونی قۆناغێکی نوێ بکەین.
بڵاوی بکەوە لە گۆگڵ پڵەس

عن Hedi

    تعليقات بلوجر
    تعليقات فيسبوك