مه‌ترسی ده‌كرێت قه‌یرانی ئاو له‌ سلێمانی سه‌رهه‌ڵبدات

مه‌ترسی ده‌كرێت قه‌یرانی ئاو له‌ سلێمانی سه‌رهه‌ڵبدات
              PM:10:50:03/06/2016


مەترسی‌ سەرهەڵدانی‌ قەیرانی ئاو لەچەند مانگی داهاتوودا لە سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ بەشێوەیەکە فشاری‌ بۆ سەر بەرپرسانی ئیداری شارەکە دروستکردووە.

شاری سلێمانی ‌و چەند قەزاو ناحیەیەك وەك چەمچەماڵ ‌و شۆڕش ‌و بازیان ‌و تەكیە و پیرەمەگرون ‌و ئەڵایی لە ڕێگەی‌ سێ هێڵەوە ئاوی خواردنەوەیان لە دەریاچەی دووکانەوە پێدەگات.

بەهۆی کۆن بوون و نۆژەننەکردنەوەیان ژمارەیەک لە پۆست پەمپەکان لەکارکەوتوون، بەرپرسانی ئیداریش دەڵێن ئەگەر بودجە بۆ نۆژەنکردنەوەیان تەرخان نەکرێت مانگی داهاتوو قەیرانی ئاو سەر هەڵدەدات.

ئاسۆ فەرەیدوون، پارێزگاری سلێمانی لەو بارەیەوە بە ئێن ئاڕ تی‌ ڕاگەیاند "بڕیاردراوە لەسەدا ٤٠ی‌ داهاتی‌ ئاوی‌ سلێمانی‌ بۆ نۆژەنکردنەوەی‌ خەتی‌ یەک و دوو دادەنرێت جگە لە خەرجکردنی‌ دوو ملیار دینار، ئه‌گه‌ر ئه‌م بڕیارە ئەگەر جێبەجێ نەکرێت، مەترسی‌ دەبێت لەسەر ئاوی‌ سلیمانی‌".

پارێزگاری‌ سلێمانی‌ وتیشی‌ "بەرپرسی‌ یەکەم ئەو لایەنانەن کە هەتا ئێستا خەمخۆری‌ ئێمە نەبوون، بڕیارەکانی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران و داواکاری‌ ئێمە دوادەخەن".

هەردوو هێڵی‌ ئاوی یەک و دووی دوکان - سلێمانی ٧٤ پەمپ لەخۆ دەگرن کە لەساڵی ٢٠١٣ ەوە بەبڕی ٣١ ملیار دینار بڕیاری نۆژەنکردنەوەیان دراوە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە تا ئێستا نۆژەن نەکراونەوەتەوە، جگە لەکێشە میکانییەکان ئەم دوو پرۆژەیە کێشەی کەمی‌ کارەباشیان بۆ دروستبووە.

بەڕێوەبەراتی ئاوی سلێمانی دەڵێت ساڵانە پێویستی بە ٢ ملیار دینار هەیە بۆ نۆژەنکردنەوەی پرۆژەکانی، بەڵام لە ئێستادا ئەو بڕە پارەیەیان بۆ دابین ناکرێت.

محەمەد ڕەسوڵ، سەرۆکی لیژنەی خزمەت گوزاری شارەوانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە ئین ئاڕ تی‌ ڕاگەیاند "دەبو بودجەی‌ فریاگوزاری‌ هەبوایە بۆ کێشە کتوپڕەکان خەرج بکرێت".وتیشی "ئیدارەدانی‌ ئاو بەپارە دەکرێت و بەگیرفانی‌ بەتاڵەوە ناکرێت، ئەوەی‌ حکومەتی‌ هەرێم دەیکات لە هیچ شوێنێکی‌ دنیا نمونەی‌ نییە".

هەردوو هێڵی‌ ئاوی یەک و دووی دوکان سلێمانی و سەرچنار لەیەک کاتژمێردا زیاتر لە ٢٠ هەزار مەترسێجا ئاو کۆدەکەنەوە، بەڵام ساڵانە لەوەرزی هاویندا ئەم بڕە بۆ نیو هێندە کەم دەبێتەوە و بەشێک لە گەڕەکەکانی شاری و سلێمانی و قەزا و ناحیەکانی دەوروبەری‌ توشی قەیرانی‌ کەم ئاوی دەبن.
بڵاوی بکەوە لە گۆگڵ پڵەس

عن Hedi

    تعليقات بلوجر
    تعليقات فيسبوك